وەزارەتی تەندروستی: چوار کەس لە سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون

01-03-2020
راوچی حەسەن @Rawchihasan
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی پارێزگار، بەڕێوەبەرانی تەندروستی و ئاسایشی سلێمانی
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی پارێزگار، بەڕێوەبەرانی تەندروستی و ئاسایشی سلێمانی
نیشانەکردن کۆرۆنا سلێمانی
A+ A-
رووداو - سلێمانی

چوار تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکران، وەزارەتی تەندروستیی رایدەگەیێنێت، پشکنین بۆ 24 گومانلێکراو ئەنجامدرا و لەنێویاندا چوار هاووڵاتی لە سلێمانی دەرئەنجامی پشکنینەکانیان دەرچووە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
 
رۆژی یەکشەممە 01-03-2020 وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی چوار کەس بڵاوکردەوە کە تووشی کۆرۆنا بوون و رایدەگەیێنێت "ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون لە خێزانیكی سێ کەسی و ئافرەتێك پێکهاتوون کە سەرجەمیان پێشتر سەردانی وڵاتی ئێرانیان کردبوو و دوای گەڕانەوەیان لە پرۆسەی کەرەنتین و چاودێریکردنی تەندروستی پشکنینیان بۆ کراوە، ئێستا لە نەخۆشخانەی جیاکراوەی تایبەت بەم نەخۆشییە دانراون و باری تەندروستیان جێگیرە".
 
دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستیی راگەیێندراوەکەی بڵاوکردەوە، پارێزگاری سلێمانی، بەڕێوەبەری تەندروستی و بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد بۆ راگەیاندنی تووشبوونی چوار کەس بە ڤایرۆسی کۆڤید 19، ناسراو بە کۆرۆنا.
 
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئەو چوار کەسەی کە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنان، سیانیان ئەندامی یەک خێزانن و دوو هاوژین و منداڵێکن و لە ئێران گەڕاونەتەوە و لەوێ توشبوون. گوتیشی: "راستەوخۆ دوای هاتنەوەیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری باشماخەوە چوونەتە کەرەنتینە و تێکەڵی هیچ شوێنێک نەبوون".
 
ئاماژەی بەوە کرد، سێ لەو چوار کەسەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون لە یەک خانەوادەن و تەمەنی ژنەکە 23 ساڵ، پیاوەکە 31 ساڵ و منداڵەکەیان هەشت ساڵە؛ ئەوی دیکەشیان کچێکە و تەمەنی 22 ساڵە.
 
دکتۆر سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا رایگەیاند، تووشبووەکان تەمەنیان گەنجە و دەتوانن بەسەر ڤایرۆسەکەدا زاڵ ببن. گوتیشی "بەهۆی ئەوەی بەزووترین کات ئەو کەسانەمان ئاشکراکردوون، بۆیە دەتوانین بڵێین هێشتا سلێمانی لە ڤایرۆسەکە پاکە و پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات".
 
هەروەها حەسەن نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، رایگەیاند، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆئەوەی بەهیچ شێوەیەک رێگەنەدەن، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەڕێی قاچاخەوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "ژمارەیەک ئۆتۆمبێلمان دەستبەسەردا گرتوون، کە کاری قاچاخییان پێکراوە".
 
دەقی بەیاننامەکەی وەزارەتی تەندروستی
 
لە بەردەوامی رێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کۆردستان بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆری تووشبووان لە جیهان و وڵاتانی دەوروبەردا و گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی گەشتیار لەو وڵاتانەدا، تیمەکانی تەندروستی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە رێکاری پێویست بۆ خۆپارێزی و دۆزینەوەی گومانلێکراوان و ئامادەکاریەکانی کۆنترۆڵکردنی ئەم پەتایە لە هەرێمی کوردستان.
 
بە هاووڵاتیانی خۆشەویست رادەگەیەنین کە ئەمڕۆ یەكشەممە 01-3-2020 لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا پشکنین بۆ 24 گومانلێکراو ئەنجامدرا کە لە نێویاندا 4 هاووڵاتی لە شاری سلێمانی دەرەنجامی پشکنینەکانیان دەرچوو کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 کە پێكهاتبوون لە خێزانیكی 3 کەسی و ئافرەتێك کە سەرجەمیان پێشتر سەردانی وڵاتی ئێرانیان کردبوو و دوای گەڕانەوەیان لە پرۆسەی کەرەنتین و چاودێریکردنی تەندروستی پشکنینیان بۆکرا، ئێستا لە نەخۆشخانەی جیاکراوەی تایبەت بەم نەخۆشیە دانراون و باری تەندروستییان جێگیرە.
 
وەزارەتی تەندروستی جەختدەکاتەوە کە پێویستە هەموولایەك پابەندی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوەخۆ و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و پاڵپشتی تیمەکانی تەندروستی بن بۆ دۆزینەوەی هەر گۆمانلێکراوێك و گەشتیارێك کە دوورن لە چاوی تیمەکانی تەندروستی.
 
هاووڵاتیان دڵنیادەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە کاری پێویست بۆ رێکارەکانی خۆپارێزی و دۆزینەوەی گومانلێکراوان و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و بەدواداچوونی چارەسەریەکان.
 
وەزارەتی تەندروستی       
حکومەتی هەرێمی کوردستان 
01-03-2020 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە