رووداو - سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیێنێت 80% ئەوانەی لە كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون هیچ نیشانەیەكی نەخۆشییەكەیان تێدا دەرنەكەوتووە، دوای پشكنین و بەدواداچوون دەركەوتووە كە تووشبوون ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارانەی قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی بۆ 48 کاژێر راگەیێندراوە.
د. محەممەد خۆشناو، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی رایگەیاند، دوو هۆكاری سەرەكی بووە هۆی ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ ماوەی قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی رابگەیێندرێت، ئەوانیش:
- پابەندبوونی هاونیشتمانییان بە قەدەخەی هاتووچۆ لە رۆژانی رابردوو زۆر كەمببووەوە
- زۆرینەی ئەوانەی لە كوردستان تووشی كۆرۆنا دەبوون كە رێژەكەیان 80% تووشبوانە سەرەتا هیچ نیشانەیەكی نەخۆشییەكەیان تێدا دەرنەكەوتووە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باس لەوەشدەکات "دەكرێت كەسێك چەندین كەس تووش بكات بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێ كە تووش بووە".
رۆژی هەینی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، 14 کەس لە هەولێر بەهۆی بەرکەوتنیان بە تووشبوویەک لە پرسەیەکی هەولێر تووشی کۆرۆنا بوون.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو نیشانە سەرەكییەكانی كۆرۆنا تا، كۆكە و هەناسە تووندین "بەڵام لە كوردستان خەڵكانێك تووشبوون دوای دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكەش هیچ یەكێك لەو نیشانانەیان تێدا نەبووە".
لە هەرێمی كوردستان تاوەکو ئێستا 214 كەس تووشی كۆرۆنابوون، لەو ژمارەیەش دوو كەس گیانی لەدەستداو 74 كەسیش چاکبوونەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، قەدەخەی هاتووچۆ لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی رۆژی شەممە 4-4-2020 دەستپێدەکات و ئۆتۆمبێل و پیادەش دەگرێتەوە. هەرکەس سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ