وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی داعش لە کوڵەجۆ بڵاوکردەوە

08-04-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن وەزارەتی پێشمەرگە
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشەکەی داعش بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە لە کوڵەجۆ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ "چەندین جار هۆشداریمان داوە لەسەر خۆڕێکخستنەوەی شانە نووستووەکانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان".
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە "لە ئەنجامی پەلامارێکی ترسنۆکانەی تاریک پەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، لە شارۆچكەی كوڵەجۆ لە سنووری گەرمیان، لە ساتی راوەدوونان و  بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای پێنجی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی (ئیسماعیل فارس رەسوول، سوركێو حەمە رەشید) شەهید بوون".
 
وەزارەتی پێشمەرگە پرسە و سەرخۆشیی ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان کردووە و راشیگەیاندووە "وێڕای ناهەمواری بارودۆخی هەرێمەکەمان و خراپی دۆخەکە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، بەڵام وەکو هەمیشە، هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان".
 
بە گوتەی وەزارەتی پێشمەرگە، چەندین جار هۆشداری دراوە لەسەر خۆڕێکخستنەوەی شانە نووستووەکانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان و دەشڵێ "بەم کارە چەپەڵ و ترسنۆکانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێک و بە بازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵدەکەینەوە" و جەخت لەوەش دەکاتەوە، بە هاوکاری و هەماهەنگیی هێزەکانی ئاسایش و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بە داعش ئەو کارە دەکەن.
 
شەوی رابردوو 7-4-2020 چەکدارانی داعش لە کوڵەجۆ هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، "چەکدارانی داعش لە کامێرای چاودێریی هێزەکانی ئاسایشی گەرمیان بیندراون، هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان چوونەتە ناوچەکە، بەڵام داعش بە نیشانشکێن تەقەیان لە هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش کردووە و دوو پێشمەرگە شەهید بوون". 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە