وەزیری تەندروستی: لەگەڵ ئەوەنین بە تەواوەتی قەدەخەی هاتووچۆ بشکێندرێت

13-04-2020
گۆڤەند مستەفا
وەزیری تەندروستی: لە 24 کاژێری رابردوودا هیچ حاڵەتێکی پۆزەتیڤ تۆمارنەکراوە
وەزیری تەندروستی: لە 24 کاژێری رابردوودا هیچ حاڵەتێکی پۆزەتیڤ تۆمارنەکراوە
نیشانەکردن کۆرۆنا
A+ A-
رووداو - هەولێر

وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەگەڵ ئەوەین رێکارەکان بەشێوەیەک بێت کە ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانییان رێکبخرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوە نین بە تەواوەتی قەدەخەی هاتووچۆ بشکێندرێت.
 
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە 24 کاژێری رابردوو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 1792 پشکنین کراون، خۆشبەختانە هەر هەمووی نێگەتیڤ دەرچووە، هیچ حاڵەتێکی پۆزەتیڤ لە 24 کاژێری رابردوو تۆمار نەکراوە، ئەمڕۆش تێستەکان لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن، بەو ئومێدەین ئەمڕۆش هیچ حاڵەتێکی پۆزەتیڤمان نەبێت".
 
بە گوتەی د.سامان بەرزنجی نەبوونی حاڵەتی پۆزەتیڤ لە چەند رۆژێکدا "بەڵگەی ئەوە نییە ئەو نەخۆشییە بە تەواوەتی کۆنترۆڵکراوە و هەموو رێکارەکان بشکێنین و جارێکی دیکە هەموو شتێک وەکو خۆی لێبێتەوە، چونکە وەکو پێشتریش ئاماژەمان پێداوە سووڕی ژیانی ئەو ڤایرۆسە بەلایەنی کەمەوە 14 رۆژە ئەگەر بۆ یەک کەس بێت، ئەگەر بەرکەوتەی هەبێت رەنگە 14 رۆژی دیکەش بۆ بەرکەوتەکە دابنرێت، بۆیە ماوەمان پێویستە، هێشتا لە مەترسیداین، هێشتا مەترسیی بڵاوبوونەوە بە تەواوەتی لانەچووە، بەڵام ئەمە ئەنجامێکی باشە، کە لە ماوەی رابردوودا کۆنترۆڵکردنەکە پاڵپشتی و پابەندی هاونیشتمانیانی بە راددەیەکی زۆر لەگەڵ بووە".
 
سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ. وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان دەشڵێ: "ئێمە لەگەڵ ئەوەین رێکارەکان بەشێوەیەک بێت کە ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان رێکبخرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوە نین بە تەواوەتی قەدەخەی هاتووچۆ بشکێندرێت، چونکە ماوەمان پێویستە".
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا لە هەرێمی کوردستان 330 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 168 کەس چاکبوونەتەوە و 4 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە 14ی ئاداری 2020ەوە وەزیری ناوخۆ بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆی دەرکرد،  بڕیارەکە چەند جارێک درێژکراوەتەوە، دوایین جار وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری دا تاوەکو 16ی نیسان قەدەخەی هاتووچۆ درێژبکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە