%52ی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە رەگەزی مێن

15-04-2020
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن کۆرۆنا هەرێمی كوردستان
A+ A-
رووداو - هەولێر
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، نیوە زیاتری ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون لە رەگەزی مێن.
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، تائێستا 332 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 198 کەسیان چاکبوونەتەوە، چوار کەسیش گیانی لەدەستداوە، لەماوەی 24 کاژێری رابردووشدا تەنیا یەک کەس تووشی کۆرۆنا بووە.
 
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە نیوەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە رەگەزی مێن کە رێژەی 52%ـی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێکدێنن. هەروەها 48% کەی دیکەی تووشىبووانی ڤایرۆسەکە لە رەگەزی نێرن.
 
بەپێچەوانەی کوردستان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان رێژەی تووشبوونی پیاوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رێژەی تووشبووانی ژنان بە ڤایرۆسەکە زیاترە، بۆ نموونە لە چین 70%ی تووشبووان لە رەگەزی نێرن، 30% لە رەگەزی مێن. لە ئیتاڵیا 60%ی تووشبووانی کۆرۆنا لە رەگەزی نێرن و 40%ی تووشبووانیش لە رەگەزی مێن. لە ئێران 57%ی تووشبووانی کۆرۆنا لە رەگەزی نێرن و 43%ی تووشبووانیش لە رەگەزی مێن.
 
لە وڵاتانی وەکو هۆڵەندا، چیلی و دانیمارک رێژەکە پەنجا بە پەنجایە. بەڵام لە وڵاتێکی وەک کۆریای باشوور رێژەی تووشبووانی ژنان لە پیاوان زیاترە، کە 60% بە 40%ە.
 
لە دوای 11ـی نیسانەوە تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رێچکەی ئاسۆیی وەرگرتووە و ئامارەکانی تووشبوون روو لە داکشانن، بەڵام ئاماری چاکبوونەوە روو لە هەڵکشانە.
 
سەبارەت بە تەمەنی تووشبووان دەردەکەوێت 10.5%ی تووشبووانی هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە 11 ساڵ بەرەو خوارەوەیە، 26.7% تەمەنیان لەنێوان 11-20 ساڵانە، 17.4% تەمەنیان لە نێوان 21- 30 ساڵانە، 16.3% تەمەنیان لەنێوان 31-40 ساڵانە، 12.8% تەمەنیان لە نێوان 41-50 ساڵانە، 5.8% تەمەنیان لەنێوان 51- 60 ساڵانە، 10.5%ی تەمەنیان لە نێوان 61-70 ساڵانە.
 
یەکەم کەیسی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە 1ـی ئادار لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکرا. دواتر وەزارەتی ناوخۆ لە 14ـی ئادار قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند. کە تائێستاش درێژەی هەیە.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە