بەهۆی پابەندبوونی خەڵکی دەربەندیخان بە رێنماییەکان کەمترین هێز لەو شارە دەبیندرێت

28-03-2020
هەڵۆ محەممەد
هەڵۆ محەممەد
وێنەی دەربەندیخان لە ئاسمانەوە
وێنەی دەربەندیخان لە ئاسمانەوە
نیشانەکردن کۆرۆنا دەربەندیخان
A+ A-
 
رووداو - دەربەندیخان

لە دەربەندیخان 18 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و سێ کەسیان چاکبوونەتەوە. جیاواز لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دانیشتووانی ئەو قەزایە زۆر باش پابەندی قەدەخەی هاتووچۆن، بۆیە کەمترین هێز و بازگەی تێدا دانراوە.
 
فەرمان عەبدولڕەحمان، هاونیشتمانییەکی ئەو شارەیە و بەرکەوتنی لەگەڵ تووشبوویەکدا هەبووە، بەڵام پشکنینەکانی دەریانخستووە کە ئەم هەڵگری ڤایرۆسەکە نییە و دەڵێت "هیچ عەیبم نییە لە ماڵەوەم و ئەوەی لە دەرەوە لەسەر دەربەندیخان دەگوترێت، لە ناوەوە پێچەوانەیە".
 
ناساندنی دەربەندیخان وەک زۆنی مەترسیداری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، وایکردبوو بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک، نەوێرن  خواردن و پێداویستیی رۆژانە بنێرنە ئەو شارە و هەروەها بەچاوی ترسەوە بڕواننە خەڵکەکەی. بەڵام گرفتەکە چارەسەرکراوە.
 
ئارام موحسین خاوەنی مارکێتە، بە رووداوی گوت "گرفتێک هەبوو خۆراک نەدەهات، ئێستا زۆر باشە کێشەکە چارەسەربووە و کۆگاکان پڕن لە پێداویستی".
 
هەرێم عەلی هاونیشتمانییەکی دیکەیە و گلەیی لەوە دەکات لەدەرەوەی قەزاکە هەڵە تێگەیشتن هەیە بەرامبەر خەڵکەکەی، "نەخۆشمان رۆیشتووەتە سلێمانی چوار نەخۆشخانەی کردووە تەنیا لەبەرئەوەی خەڵکی دەربەندیخان بووە رێگەیان نەداوە".
 
تەندروستیی دەربەندیخان وێڕای جەختکردنەوە لە پێویستی خۆپارێزی و پابەندی هاونیشتمانییان، دڵنیایی دەدات کە رەوشی تووشبووانی شارەکە جێگیرە.
 
دکتۆر سەنگەر ئەبوبەکر، سەرپەرشتیاری تیمی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە دەربەندیخان بە رووداوی گوت "18 تووشبوومان هەیە، سێ کەسیان چاکبوونەتەوە و لە ماڵەوەن. باری تەندروستیی ئەوانی دیکە جێگیرە". 
 
ژمارەی دانیشتووانی دەربەندیخان زیاتر لە 53 هەزار کەسە، تەنیا 18 تووشبووی هەیە و لە ماوەی چوار رۆژی رابردوو 250 پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو قەزایە ئەنجامدراوە. سەرەڕای ئەوەی لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان خەڵکی پابەندنابن، بۆیە هێزە ئەمنییەکان بەزۆر خەڵک دەگەڕێننەوە ماڵەوە. بەڵام لە دەربەندیخان دۆخەکە پێچەوانەیە و کەمترین هێز دەبیندرێت. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە