رووداو - هەولێر
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ دابینکردنی ماددەی خام بۆ کارگە ناوخۆییەکان، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەناردەکردنی هیچ ماددەیەک لە تورکیا و ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان رانەگیراوە.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەلوپەل و کاڵای پێویست لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردە دەکرێن، ئەو دوو وڵاتە ناردنی هیچ کاڵایەکیان بۆ هەرێمی کوردستان رانەگرتووە، بە پلەی یەکەم گرنگی بە هاوردەکردنی خۆراک و کەلوپەلی پزیشکی دەدرێت، تاوەکو ئەوکاتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی دەوروبەر کۆنترۆڵ دەکرێت.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، هەموو هاوئاهەنگییەک دەکەین بۆئەوەی ماددەی خامی پێویست بگاتە کارگە ناوخۆییەکان.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان داوای لە دەروازە سنوورییەکان کردووە بۆئەوەی کارئاسانی بکەن بۆ هاوردەکردنی خۆراک و پێداویستیی پزیشکی و ماددەی پاککەرەوە لە پێش هەموو ماددەکانی دیکەوە.
شێخ عەتا محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تورکیا و ئێران هەناردەکردنی هیچ ماددەیەکیان رانەگرتووە، بەڵام بەهۆی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا جگە لە خۆراک و پێداویستیی پزیشکی، هاوردەکردنی ماددەکانی دیکە دوادەکەوێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، نزیکەی سێ هەزار و 500 کارگە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و بەشێکی زۆریان ماددەی خام لە ئێران و تورکیاوە دابیندەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ