رووداو - هەولێر
قەدەخەی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان بۆ 10 رۆژی دیکە درێژکرایەوە، بەڵام بڕیارێکی نوێ لە بەرژەوەندیی ئەو خێزانانە دەرچوو کە لەنێوان پارێزگا یان ئیدارە سەربەخۆکان بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ لەیەکتری دابڕاون، 72 کاژێری دیاریکرا بۆئەوەی ئەو خێزانانە ئاسانکارییان بۆ بکرێت و بەیەکدی شادببنەوە.
لەو بارەیەوە د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی روونکردەوە "هەموو کەسێک ناتوانێ لەو ماوەیەدا هاتووچۆ بکات، تەنیا ئەوانە نەبێت کە ئەندامی یەک خێزانن و لەکاتی قەدەخەی هاتووچۆدا لێکدابڕاون".
بەپێی روونکردنەوەکەی پارێزگاری سلێمانی، هەرکەسێک لەو دۆخەدایە دەبێت بچێتە پارێزگا و قایمقامیەتەکان و لەوێ داواکاری پێشکەش بکات، دواتر داواکارییەکەی بۆ دەکرێتە ئەلکترۆنی و دەنێردرێ بۆ ئەو پارێزگایەی دەیەوێ بۆی بچێت، هەرکاتێک رەزامەندیی پارێزگای دووەمی بۆ هاتەوە، ئەوکات دەتوانێ گەشتەکەی بکات.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتیشی "کاتی چوون و گەڕانەوە لە فۆرمەکەدا دیاریدەکرێ، ئەو بڕیارەش لە کاژێر 01:00ی شەوی 1ی نیسان جێبەجێ دەکرێت".
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، هاتووچۆی کاژێر 01:00 بۆ 06:00ی بەیانییە، بەڵام ئەوەش بۆ هەموو کەسێک نییە و بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، تەنیا ئەوانەی جووتیارن، یان کێڵگەی پەلەوەری و کۆگای خواردنیان هەیە دەتوانن سوودمەندبن لە هاتووچۆی ئەو ماوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ